نوێترین هەواڵ

ئێستا دادەبەزێت ...

دوژمنە دیجیتاڵییەكانت بناسە 
ئاسۆ وەهاب*  

ئەنتەرنت ئەو جیهانە پڕ ئارامییە نییە كە هەمووان خەیاڵی دەكەن، هەرگیز ناتوانیت لە ناو ژوورێكی درەگاو پەنجەرە داخراودا خۆت تیایدا ون بكەیت، دەبێت هەمیشە ئەوە لەیادت بێت لەو ساتەوەختەی كۆمپیوتەرەكەت دەبەستیتە هێڵی ئەنتەرنتەوە وەك ئەوە وایە لە گەرمەی قەرەباڵغی بازاڕدا رووتیت‌و بەناو بازاڕدا دێت و دەچیت‌و هەموو خەڵك تەماشات دەكەن . هەروەها شوێنێكی تەناهی نییە چونكە جیهانێكی زۆر مەترسیدارە! بۆیە پێویستە كۆمپیوتەرەكەت بپارێزیت . 


ئێمە كاتێك رووبەڕووی هەر مەترسییەك دەبینەوە ئۆباڵەكەی یەكسەر دەخەینە ئەستۆی ڤایرۆسەكان، بە هەموو مەترسییەكان هەر دەڵێن ڤایرۆسەكان، بەڵام ئایا هەموو هەڕەشەكان هەر ڤایرۆسن ؟ 
لە راستییدا تەنها ڤایرۆسەكان مەترسی نین بگرە دەیان پرۆگرامی تر ئەو كارە دەكەن‌و هەڕەشەن ، تێكڕا پێیان دەوترێت  Malware واتا پرۆگرامی مەترسیدار، ئەم ئیدیۆمە كورتكراوەی هەردوو وشەی malicious software بۆیە لەم بابەتەدا دەمانەوێت تیشك بخەینە سەر دوژمنە دیجیتاڵییەكان، چونكە تا مانای ئەمانەی نەزانین ناتوانین ژیانی دیجیتاڵی‌و كۆمپیوتەرەكەت بپارێزیت ..

پرۆگرامی مەترسیدار Malware چییە ؟ 
ئەو بەرنامانەن كە دزە دەكەنە ناو كۆمپیوتەرەكەت، لەوانەیە تەنها دڵەڕاوكێت‌و بێتاقەتت بكەن لە رێگەی كرانەوەی لاپەڕەی ریكلام لە خۆیەوە، لەوانەشە پەرە بسێنێت بۆ زیان گەیاندن بە كۆمپیوتەرەكەت‌و بە ئاسان نەتوانرێت لەناوببرێت‌و بە تەواوەتی زیان بە هاردی كۆمپیوتەرەكەت بگەیەنێت دیارترین جۆری ڤایرۆس Virus و ئەسپی تروادە (تۆرجان – Trojan) ـە . 
پرۆگرامی مەترسیدار Malware بریتییە لە كۆدێكی پرۆگرامی زیان بە بەكارهێنەرو كۆمپیوتەر یان تۆڕی نت دەگەیەنێت ، بە بێ رەزامەندی خاوەنەكەی دزە دەكاتە ناو سیستەمی كۆمپیوترەكەت‌و تێكیدەشكێنێت، ئەم جۆرە بەرنامانە هەر كە خۆیان دابەزاند بە ئاسانی لەناو نابرێن، چەندین ئاستی زیان گەیاندنیشی هەیە ، لەوانەیە بریتی بێت لە كرانەوەی لاپەڕەیەكی ریكلام یان بە تەواوەتی تێكدانی هارد دسك‌و بە فۆرماتكردن نەبێت چاك نابێتەوە .

ڤایرۆس Virusچییە ؟
بەهۆی ئەوەی زۆر هاوشێوەی ڤایرۆسی سروشتییە كە تووشی مرۆڤ دەبێت بەم ناوەوە نراوە، پرۆگرامێكی بچوكە بەڵام زۆر كاریگەرە، بەئاسان نادۆزرێتەوە، خێرا بڵاو دەبێتەوە، هەروەها دەتوانیت خۆی بگوازێتەوە‌و ئەوانی تر تووش بكات .
ڤایرۆس بەرنامەیەكی بچووكە، پرۆگرامسازی دەكرێت بە مەبەستی زیان گەیاندن بە ئامێری كۆمپیوتەرەكەت (لەرێگەی دروستكردنی هەڵە یان خاوكردنەوە یان تێكشكاندنی بەشێك لە هاردوێری كۆمپیوترەكەت) لە ئامێرێك بۆ ئامێرێكی تر دەگوازرێتەوە، هەروەها خۆی كۆپی دەكاتەوە و تێكەڵ دەبێت بە سیستەمی بە گڕخستن، زۆربەی ڤایرۆسەكان لە لایەن كەسانی شارەزاو پسپۆڕەوە دروست دەكرێن بە ئامانجی جۆراوجۆر  زیان گەیاندن یان بەدەستهێنانی پارە، زۆرجاریش كۆمپانیاكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە خۆیان دروستی دەكەن .

تۆرجان – ئەسپی تروادە (Trojan) چییە ؟ 
چیرۆكی ئەم پرۆگرامە هاوشێوەی چیرۆكی ئەسپی تروادەیە ئەفسانەكەی ئۆدیسەیە، بەرنامەیەكی بچوكە خۆی وە فایلێك دەخاتەڕوو كە كاری باش دەكات یان ئابدەیتی كۆمپیوترەكەت دەكات، بەڵام لەگەڵ داگیرساندنی دەستدەكاتە تێكشكاندن یان سیخوڕیكردن . خسڵەتی كاركردنی ئەوەیە كە خۆی گرێنادات بە هیچ فایل‌و بەرنامەیەك بۆیە كاری خۆی بە بێدەنگی ئەنجام دەدات . 
خودی بەكارهێنەر بەرپرسی یەكەمە لە داگرتنی، جاری وا هەیە لە ریچگەی داگرتنی بەرنامەیەكەوە دێت كە لە ماڵپەڕی فەرەمی بەرنامەكەوە داینابەزێنیت، یان لە رێگەی فلاش دیسكێكەوە دەگوازرێتەوە، یان لەكاتی چاتكردن كەسی بەرامبەر فایلێكت بۆ دەنرێت‌و داوات لێدەكات بیكەیتەوە راستەوخۆ ترۆجانەكە دادەبەزێت، یان هەندێك جار لەگەڵ ئیمێڵیكدا دێت . 
زیانەكانی بریتییە لە لەدەستدانی زانیاری‌و داتا تا دەگاتە سیخوڕیكردن بە سەرتەوە ، هەندێك جۆری زانیاری‌و داتاكانی ناو كۆمپیوتەرەكەت تێكدەدات، یان كاری كۆمپیوتەرەكەت خاو دەكات‌و دەرئەنجام دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی سیستەمی وەگرخستنەكەت، هەندێك جۆری تری سیخوڕیت بەسەرەوە دەكات . وەك ناردنی زانیارییەكانت (پاسوێردەكانت – ژمارەی حیسابیت) بۆ ئەو كەسەی دروستی كردووە یان چاندوویەتی لەناو كۆمپیوتەرەكەت، تەنانەت دەتوانێت وێنەی (پرنت سكرین) شاشەی كۆمپیوتەرەكەت بنێرێت . لەوانەیشە بە تەواوەتی كۆنترۆڵی كۆمپیوتەرەكەت بكات وەك ئەوەی هی خۆیەتی بۆیە مەترسییەكانی ترۆجان زۆر لە ڤایرۆس خراپترە .

كرمۆڵكە Worms چییە ؟ 
بەرنامەی كۆمپیوتەری سەربەخۆن (واتا لەگەڵ هیچ بەرنامەیەكدا دانابەزن)، لەسەر ئامێری كۆمپیوتەر بە مەبەستی زیان گەیاندن بڵاو دەبنەوەو توانای گواستنەوەیان هەیە لە كۆمپیوتەرێكەوە بۆ كۆمپیوتەرێكی تر . زۆربەی كات تۆڕی نت بەكاردەهێنێت بۆ خۆ گواستنەوە، لەرێگەی سوود وەرگرتن لە كەلینەكانی ئاسایش لە ئامێرەكەت . زۆرجار وا دروست دەكرێت كە زیان و گۆڕانكاری لەسیستەمی كۆمپیوتەرەكەت نەكات بەڵام بەرپرسە لە خستنەڕووی چوارچێوەی شەپۆلدانی ئەنتەرنت‌و خاوكردنەوەی تۆڕەكە . 

ئەدوێر-پرۆگرامە ریكلامییەكان Adware چییە ؟ 
بەرنامەیەكە ریكلامێك لە دڵیا چێندراوە، هەموومان دەزانین كە چەندان بەرنامەی بەخۆڕایی هەیە، بەڵام زۆربەیان ریكلامێك لە دڵیاندا چێندراوە، زۆربەی ئەدوێرەكان لەگەڵ دابەزاندنی ئەو بەرنامانە دادەبەزنە ناو كۆمپیوتەرەكەت، بە پیشاندانی رەزامەندیت لەسەر دابەزینی بەرنامەكە رەزامەندی دابەزینی ئەدوێر دەدەیت، زۆربەی ئادوێرەكان چاودێریت دەكەن تا بزانن بایەخ بەچی دەدەیت لەسەر تۆڕی نت، سەردانی كوێ دەكەیت، تا ئەو ریكلامانەی بۆتی دەنێرێت بگونجێت لەگەڵ ئەو شتانەی كە جێگەی بایەختن، بە شێوەیەكی گشتی ئەدوێرەكان دوو جۆرن، بێزیان‌و زیانبەخش . 

سپای وێر – بەرنامە سیخوڕەكان ( Spyware ) 
بەرنامەكانی سیخوڕی بریتییە لەو بەرنامانەی كە شوێنت دەكەون‌و زانیاری لەبارەت كۆ دەكەنەوە، تەنها جوڵەت لەناو تۆڕی نت‌و سەردانەكانت بۆ ماڵپەڕەكان چاودێری ناكات بگرە وشە نهێنییەكانت و ژمارەی ماستەر كاردو كریدت كاردەكەیشت دەبات، سپای وێر مەترسیدارترین جۆرەكانی ئەدوێرە، ئەو كەسەی بەرنامەكەی چاندووە دەتوانێت بگاتە تەواوی زانیارییەكانی ناو كۆمپیوترەكەت . 

بارمتەگرەكانی براوسەر Browser Hijackers :
بەرنامەی مشەخۆرەكان لە سەر ئاسایشی بەكارهێنەر، بە شێوەیەك رەفتاری كاری براوسەر دەگۆڕێت‌و دەیكاتە زونگاوێك بۆ ریكلامە نەخوازراوەكان، هەندێك جار لاپەڕەی سەرەكی براوسەرەكەت دەدزێت‌و هەمیشە ئاڕاستەت دەكات بۆ ماڵپەڕێكی ریكلام كردن . 
بەرنامەیەكی زۆر بچوكە و بە خێرایی خۆی بڵاو دەكاتەوە، توانای خۆ شاردنەوە هەیە هەروەها هەندێك گۆڕانكاری لە تۆماری سیستەم ئەنجام دەدات . لە رێگەی ئەنتەرنتەوە بڵاو دەبێتەوە، زۆرێك لە ماڵپەڕەكان لە پێناو ئەوەی ماڵپەڕەكەیان باشتر كار بكات پێشنیاری ئەوەت بۆ دەكەن بەرنامەیەكی دیاریكراو دەبەزێنیت  زۆربەی ئەوانە بارمتەگرانی براوسەرن لەگەڵ دابەزاندنی پرۆسەی بە بارمتەگرتن دەست پێدەكات .

رێگەكانی خۆپاراستن لە پرۆگرامە مەترسیدارەكان :

1- داگرتنی ئەنتی ڤایرۆسێكی باش (باشتر وایە بیكڕیت ئەگەر نا لە ماڵپەڕی سەرەكییەوە ئەڤێرا دابەزێنە) . 
2- لەبازار CD بەرنامە مەكڕەو بەرنامە دامەگرە (دەتوانیت لە ماڵپەڕە سەرەكییەكانەوە زۆربەی بەرنامەكان دابەزێنیت بە خۆڕایی) وریابە لە ماڵپەڕی سەرەكییەوە نەبێت بەرنامە دامەگرن) .
3- ئاپدەیت كردنی بەردەوامی سیستەمی بەگرخستن (زۆربەمان سیستەمی ویندۆز بەكار دەهێنین ئێستاش كۆمپانیای مایكرۆسۆفت ئابدەیتی ویندۆز 7 و 8.1 بە خۆڕایی دەدات بۆیە ئاپدەیتی ویندۆزەكانتان بكەن) .
4- دانانی ویندۆز فایرویڵ Windows Fire wall . 
5- هیچ لینكێك مەكەرەوە، ئەگەر لەگەڵ نامەشدا بۆت هات جەخت لەسەرچاوەكەی بكە یان هەموویان بە تۆتاڵ ڤایرۆس بۆ دڵنیابوون سكان بكە 
6- دابەزاندنی بەرنامەی پشتیوانی لە ئەنتی ڤایرۆسەكەت . 
7- بەدەستهێنانی هۆشیاری ئەلكترۆنی بەتایبەت لە بواری ئاسایشی ئەنتەرنت . 
9- ئەو ماڵپەڕانە مەكەرەوە كە براوسەرەكەت هۆشداری لەبارەیانەوە دەدات . 

تێبینی ئەمە بەشی سەرەكی پاراستنی ئاسایشی ئەنتەرنتە بەڵام تەواوی بابەتەكە نییە، واتا وردەكاری زۆر ماوە بۆ ئەوەی بخرێتە ڕوو بۆیە هەوڵدەدەین لە ئاییندەی نزیكدا هەموو مەسەلەكان روون بكەینەوە .

*راهێنەری TOT بوارى تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و ئاسایشی ئەنتەرنت

کۆمێنتکردن



...

Cyber Kurds

2016