ئامادەكردنی محەمەد عەبدوڵڵا*
وەرگێڕانی ئاسۆ وەهاب*
لە دوو رۆژی رابردوو دا یاسای دانانی باج لەسەر كارتی پریپەیدی پەیوەندی تەلەفۆن بە ڕێژەی 20% دانرا، ئەمەش وایكرد نرخی كارتی پریپەید گران بێت، ئەمە لەكاتێكدا دەبوو ئەو باجە لە نرخی پەیوەندیكردن ببڕدرێت، بە واتای ئەوەی نرخی كارتی پریپەید وەك خۆی بمێنێتەوەو باجەكە لە كاتی ئەنجامدانی پەیوەندی ببڕدرێت .
هەر زوو چەند هەڵمەتێك بۆ داخستنی مۆبایل بۆ ماوەی كاتژمێرێك یان زیاتر دەستی پێكرد، ئەم دەستپێشخەریانە باشن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم هەڵمەتانە كاریگەر بن، چۆن ؟ پەیوەندی نەكردن بۆ ماوەی یەك كاتژمێر هیچ كاریگەری نییە لەسەر كۆمپانیای پەیوەندی ! چونكە ئەو پێشوەخت لە ڕێگەی كارتی پریپەیدەوە بەهای پەیوەندییەكانی وەرگرتوە، هاوكات داخستنی مۆبایلەكەت یان دانانی لەسەر باری فڕین (فلای مود) فشار لەسەر هێڵەكانی كۆمپانیا كەمتر دەكات..ئەی چارەسەر ؟
باشترین چارەسەر ئەوەیە ئەو یەكانەی هەتە تەواو بكەیتو جارێكی تر پڕی نەكەیتەوە، ئەوانەیش كە خزمەتگوزاری پێدانی دواتریان هەیە پێویستە سیمكارتەكانیان دەربكەنو بەكاری نەهێنن .
ئاسایی زۆرێك تووشی كێشەی پەیوەندیكردن دەبێتو هەر زوو چۆك دادەداتو گرەوەكە دەدڕێنێت، بەڵام بیرۆكەكەی ئێمە پەنابردنە بۆ جێگرەوەیەكی كارا كە ئەویش ئەنتەرنێتە، ئەگەر بەراوردێكی سادە لە نێوان تۆڕی تەلەفۆنو تۆڕی ئەنتەرنت بكەین جیاوازی هەردوكیان لەرووی تەكنیكیو ئابوورییەوە بۆمان دەردەكەوێت .
لە رووی تەكنیكییەوە ئەنتەرنت باشترە، چونكە بواری پەیوەندی دەنگو رەنگو دەقمان پێدەدات، هەروەها گۆڕینەوە فایل لە نێوان بەكارهێنەرانو زیاتر لە كەناڵێكی پەیوەندیمان دەخاتە بەر دەست بۆ پەیوەندیكردن، هەروەها تایبەتمەندێتی دەپارێزێتو بوار نادات كۆمپانیاو دەسەڵات پێكەوە سیخوڕیت بەسەرەوە بكەن، هاوكات پێویست بەوە ناكات ئامێر هەڵبگریت بگرە ئەوەی پێویستت پێیەتی ئەكاونتو وشەی نهێنی ئەكاونتەكەتە، هەر كاتێكیش كۆمپانیای ئەنتەرنێتەكە بێزارتی كرد بیگۆڕە، باشییەكی تری ئەم مەسەلەیە وەك مۆبایل نییە چونكە ئەو كاتەی ژمارەكەت لە مۆبایل دەگۆڕیت دەبێت ئاگاداری هەمووان بكەیتەوە لەوەی ژمارەكەت گۆڕیوەو دەبێت ژمارەكەت بڵاو بكەیتەوە ئەمەش بۆ خۆی مەترسییەكی ترە بۆ سەر ئاسایشی ئەلكترۆنی تاكە كەس .
لە رووی ئابوورییەوە هەموو تاكێك لە ماڵەوە مۆبایلێكی پێیەو هەمووان كارتی پڕكردنەوەی پریپەید بەكار دەهێنن، جاری واهەیە ئەگەر دوو نەفەرش بن زیاتر لە 2 كارتی 5 هەزاری بەكار دەهێنن ، ئەگەر زیاتریش بن ئەوا واتا خێزانێكی 5 نەفەری ئەوا گریمان هەر 5 كارت بەكار دەهێنن ئەو كات دەكاتە 25 هەزار دینار، ئاسایی پارەكە زۆر لەمە زیاترە، بۆیە باشترە ئەنتەرنێت بەكار بهێنیت بۆ پەیوەندییەكانت كە مانگانە هەمان تێچوونی تێدا دەچێت بەڵام بە تایبەتمەندی زیاترەوە، هەروەها سوودی بۆ میوانەكانیشت هەیە ئەگەر وایفای بێت، بەمەش تێچوونی پەیوەندییەكانت جێگیر دەبێتو لەپاڵیشیا ئەنتەرنت بەكار دەهێنیت .
ئێستا دەمەوێت ئەو بەرنامانە بخەمە ڕوو كە سوودی بۆتان هەیەو دەتوانن هە لە مۆبایلەكەو هەم لە رێگەی ئایپادو تابلێتو كۆمپیوتەرەوە بەكاری بهێنن، تایبەتمەندی ئەم بەرنامانە ئەوەیە پەیوەندییەكانتان دەپارێزێتو ڕێگرە لەوەی سیخوڕی بەسەرتانەوە بكرێت هاوكات دەنگتان تۆمار ناكات وەك كۆمپانیاكان لە پەیماننامەی بەكارهێناندا وەك مەرج بەسەرتەوە سەپاندوویانە (بەتاكید تۆ ئەوەت نەخوێندووەتەوە) هەروەها هیچ كەس و لایەن ناتوانن بگەنە نامەكانتان .
بەرنامەكان :
سگناڵ Signal
بۆ ئایفۆن، سیستەمی ios، بە خۆڕاییە
ڕێبەری بەكارهێنانی سیكناڵ
ریدفۆن Redphone
بۆ سیستەمی Android ، بە خۆڕاییە
ڕێبەری بەكارهێنانی ریدفۆن
ئۆستڵ Ostel
بۆ سیستەمەكانی
Android, iPhone, Blackberry, Nokia, Windows, Mac OS X, GNU/Linux
بە خۆڕاییە
ڕێبەری بەكارهێنانی ئۆستێڵ
جتزی Jitsi
بۆ سیستەمەكانی
Android, iPhone, Blackberry, Nokia, Windows, Mac OS X, GNU/Linux
بە خۆڕاییە
ڕێبەری بەكارهێنانی جتزى
ئەم بەرنامانەی سەرەوە هەموویان بەرنامەی پلە باڵان لە رووی ئاسایش و كۆدكردن .. ئەمانەی خوارەوەش لە خوار ئەوانەوە دێن لەرووی ئاسایشەوە و بەرنامەی وەك ڤایبرو سكایپو تانگۆیش هەن كە یچ مەرجێكی ئاسایشو كۆدكردنی تێدا نییە .
بەرنامەكان :
تیلیگرام Telegram
بۆ ئەندرۆید بۆ ئایفۆن
سۆرسبوت Surespot
كربتوكات Cryptocat
چەندان بەرنامەی تری چاتكردن هەن كە پلەی ئاسایشیان لاوازە وەك واتس ئاپ و وی چات و فەیسبوك ماسنجەر
............................................................
* هەردوو راهێنەرن لە تۆڕی عێراقی بۆ میدیای خەڵك INSM لە بواری ئەنتەرنت سیكیورتی .
** ئەم بابەتە بەشێكە لە پشتیوانی تەكنیكی تۆڕی عێراقی بۆ میديای خەڵك INSM بۆ هاوڵاتیانو بەشێك نییە لە هیچ هەڵمەتێك دژ بە كۆمپانیاكانی پەیوەندی .